سەفیەدینی ورمێیی؛ بلیمەتە نەناسراوەکەی کوردستان

سەفیەدینی ورمێیی؛ بلیمەتە نەناسراوەکەی کوردستان

بەڕێز سۆران حەمەڕەش لە دیمانەیەک لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی کوردسات ئاماژە بە ناوی «سەفیەدینی ورمێیی» کەسایەتیی مەزن بەڵام نەناسراوی کورد دەکات کە هەشتسەد ساڵ لەمەوبەر یەکەم کتێبی لەسەر تیۆریی مۆسیقای کوردی نووسیوە.

بەڵام سەفیەدینی ورمێیی کێ بووە و چۆن ژیاوە؟

وا دیارە ناسینەوەی کەسایەتییە مەزنەکانی کوردستان بۆ ئێمەی کورد بووەتە کارێکی سەخت و دژوار. ئەگەر لە گووگڵدا گەڕان بە دوای ناوی «سەفیەدین ورمێیی» بکەین هیچمان دەست ناکەوێت مەگەر وتارێکی کورت لە ویکیپیدیای کوردیی کورمانجی نەبێت کە ژمارەی دێڕەکانی ناگاتە ١٥ دێڕ و زانیارییەکی ئەوتۆشمان پێ نادات.

بەڵام لە ویکیپیدیای زمانەکانی فارسی و عەرەبی و تورکی وتاری دوور و درێژ دەبینرێت کە هەموویان خۆیان کردووەتە خاوەنی ئەم کەسایەتییە و شانازیی پێوە دەکەن.

ویکیپیدیای فارسی نووسیویەتی:

«سەفیەدین لە ساڵی ٦١٣ی کۆچی لە شاری ورمێ لە دایک بووە. سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو سەبارەت بە بنەماڵەی بەردەست نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی قوتبەدینی شیرازی بە ناوی «ئەفزەلی ئێران» ناوی بردووە، دیارە دەبێت بڵێین ئێرانییە».

ویکیپیدیای ئازەربایجانی لەمەڕ نەتەوەی سەفیەدین نووسیویەتی ئازەربایجانی/تورک و بۆ ناساندنی نووسیویەتی:

«سەفیەدینی ورمێیی بە ڕەچەڵەک خەڵکی باشووری ئازەربایجانە، زانایەک کە ناوبانگێکی زۆری لە جیهانی ڕۆژهەڵاتدا بەدەستهێناوە و وەک مۆسیقاژەنێکی توانا و خۆشنووسێکی لێهاتوو دەناسرێت».

ویکیپیدیای عەرەبیش نووسیویەتی:

سەفیەدین عەبدولموعەیمن کوڕی یووسف کوڕی فەخیرئەلرمووی بەغدادی (٦١٣ کۆچی/١٢١٦ز - ٦٩٣ کۆچی/١٢٩٤ز) مۆسیقاژەنێکی ناسراوی عەرەب بوو. مێژوونووسان لەسەر شوێنی لەدایکبوونی گومانیان هەیە، هەندێک دەڵێن لە بەغدا لە دایک بووە و هەندێکیش دەڵێن لەگەڵ خێزانەکەی لە ئازەربایجانەوە ڕوویان لە بەغدا کردووە.

دەبینین کە نەتەوەکانی دیکە بۆ ئەوەی خۆیان بکەنە خاوەنی ئەم گەورە پیاوە لە چ هەوڵێک دان، کەچی ئێمەی کورد تەنانەت لە ویکیپیدیاش لاپەڕەیەکمان بۆی نەنووسیوە و دەهێڵین بە ئاشکرا ناسنامە کوردستانییەکەی لێ زەوت بکەن و بیکەن بە موڵکی خۆیان و خۆیانی پێ هەڵکێشن.

بەڵام لە ڕاستیدا سەفیەدین کێ بووە:

لای زۆرێک لە مێژوونووسانی بیانی وەکوو کلیفۆرد ئەدمۆند باسۆرس شوێنی لە دایک بوونی «سەفیەدینی ورمێیی» شاری ورمێیە و ساڵی لەدایکبوونی ٦١٣ی کۆچییە. مێردمنداڵ بووە کە کۆچیان کردووەتە بەغدا و لەوێدا فێری فیقهی شافیعی دەبێت. پاشان دەچێتە فێرگەی موستەنسەریە لە بەغدا و لەوێدا فێری زانست و خۆشنووسی دەبێت و هەروەها لەو ماوەیەدا فێری ژەنینی ئامێری عوودیش دەبێت.

کاتێک موستەعسیم بیللا (٦٠٥-٦٥٦ی کۆچی) کە دوایین خەلیفەی عەباسییەکانە دەگاتە حکومەت سەفیەدین دەکاتە بەرپرسی کاروباری مەدەنی و نووسین و کتێبخانە و هەروەها خۆشنووس و سەرپەرشتیاری دامەزراوە مۆسیقاییەکانی خۆی پێ دەسپێرێت. لێهاتوویی و شارەزایی سەفیەدین لە بوارەکانی زانست و مۆسیقادا دەبێتە هاندەری موستەعسیم بیللا کە فەرمانی دامەزراندنی کتێبخانەیەکی نوێ لە دەربارەکەی بدات. کتێبی بەنرخی زۆر بگوازێتەوە ئەوێ و سەفیەدین بکاتە بەرپرسی ئەو کتێبخانەیە. سەفیەدین لەو کتێبخانەیەدا خەریکی نووسین دەبێت و بەناوبانگترین کتێبی خۆی واتە «الادوار الموسیقی» بە زمانی عەرەبی دەنووسێت.

دکتۆر ئکهارت نۆبەیر لە کتێبی «مۆسیقا لە جیهانی ئیسلام»دا لەسەر کتێبەکەی سەفیەدین دەڵێت: کتێبی ئەلئەدوار یەکەم بەرهەمی تاکوو ئێستای تیۆریی مۆسیقای زانستییە کە دوای نووسینەکانی «ئیبن سینا» نووسراوە و زانیاریی زۆری لەسەر پراکتیک و تیۆریی مۆسیقا تێدایە، بۆ وێنە: دامەزراندنی دروستی عوودی پێنج تار، قۆناخی کۆتایی لە دابەشکردنی ئۆکتاڤ بۆ ١٧هەنگاو، ناونانی تەواو و پێناسەکردنی ئەو پێوەرانەی کە سیستەمی دوازدە مەقام پێک دەهێنن (پێیان دەگوترێت شودود) و شەش شێوازی ئاواز.

سەفیەدینی ورمێیی دوو ئامێری مۆسیقای بەرهەم هێناوە بە ناوەکانی «موغەننی» و «نوزهە».

نوزهە ئامێرێکی چوارگۆشەیە و گۆشەکانی گۆشەی ڕاستن. باشترە چێوەکەی لە داری بی بێت و دەکرێت لە چێوی داری ماهوون یان چێوی داری شمشاد کەڵک وەربگیرێت. ژمارەی تارەکانی ئەم ئامێرە ١٠٨ تار بووە. دەکرێت بڵێین ئامێری قانوون و نوزهە لە یەک دەچن، کەچی قانوون لە نوزهە بچووکترە.

موغەننیش تێکەڵێک بووە لە قانوون و ڕەباب و نوزهە. وا دیارە سەفیەدین ئەم ئامێرەی پاش گەڕانەوەی لە سەفەرێک بۆ ئیسفەهان بەرهەم هێناوە. وا دیارە لەو سەردەمەدا لە ناوچەی ئیسفەهان ئامێری ڕەباب زۆر باو بووە و لە بەغدادیش ئامێری قانوون. سەفیەدین بۆ ئەم ئامێرە نوێیە لە چێوی داری شێڵانە -کە قانوونیش هەر لەو چێوە بەرهەم دەهێنن- کەڵکی وەرگرتووە. قاپەکەی (کاسە) لە ڕەباب گەورەتر و پانتر بووە و دەستەکەی لە شێوەی سێگۆشە بووە، درێژی و پانیی قاپەکە نزیکەی یەک و نیو بست و قووڵیەکەی نزیکەی چوار پەنجە بووە.

ناوەوەی قاپی ئامێرەکەیان پڕ کردووە لە سرێش و شووشە و پەردەیەکی تەنکیان بەسەردا کێشاوە. ئەم ئامێرە ٣٣ تاری هەبووە.

«الرسالە الشرفیە» کتێبێکی بەناوبانگی دیکەی سەفیەدینی ورمێییە کە لە «الأدوار في الموسيقي» وردەکاری زۆرتری تێدایە و لە پێنج بەش پێکهاتووە. ئەم کتێبە بەنرخیشە لە لایەن نەتەوەکانی دیکە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی خۆیان و کەڵکی لێ وەردەگرن کەچی سەد مخابن ئێمەی کورد هێشتا نازانین ئەم زانا بەناوبانگ و گەورەیە کورد بووە.

زۆر بەداخەوە ژیانی پڕ لە شانازیی سەفیەدینی ورمێیی لە بارودۆخێکی ناخۆشدا کۆتایی پێ دێت. دوای هێرشی مەغۆلەکان و کاتێک ئەغوون خان دەبێتە حاکمی بەغدا، سەفیەدین مەقام و پێگەیەکی نامێنێت و لە هەژاریدا دەژیێت. ئەوەندە هەژار کە ناتوانێت بژێوی ژیانی خۆی و بنەماڵەی دابین بکات و قەرزەکانی ببژێرێت. هەر بەو هۆیەوە دەیخەنە بەندیخانە و لە تەمەنی ٨٠ ساڵاندا لە زیندانی قازی کۆچی دوایی دەکات.

سەرچاوەکان:

  1. «صفی‌الدین ارموی» ویکیپدیای فارسی
  2. «Səfiəddin Urməvi» ویکیپیدیای ئازەری
  3. «صفي الدين الأرموي» ویکیپیدیای عەرەبی
  4. Bosworth, C.E., ed. (1995). Ṣanʻaʼ - Ṣawtiyya (New ed.). Leiden [u.a.]: Brill [u.a.] p. 805.
  5. «نزهه (ساز)» ویکیپدیای فارسی
  6. گۆڤاری «موسیقی»، موحەممەد حەیات تەباتەبایی ل44
  7. گۆڤاری «موسیقی»، موحەممەد حەیات تەباتەبایی ل43