دێتەوە بێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ
وەی هێشتا دوورە و دەخوێنێ
ئەرێ من سەرم بە فیدای ئەو تەیرە بێ گوڵم
ئای کە نیشانەی بەهار دێنێ
دێتەوە بێتەوە تەیرەکەی قەندیلێ
وەی بەو تەیرەم دەڵێن هەڵۆیە
ئەرێ من لەبەر شاباڵی دەمرم گوڵم
سەربەرز و سەربەخۆیە
ئەرێ دوور دەڕوانێ بۆ ژیان حەیات
ئای لە بەرزی نیشتەجێیە
دێتەوە بێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ
وەی بە فڕینی خاسەکەوە
ئەرێ دیارن لە دوور دەخوێنن گوڵم
سەرسەوزێکیان پێشڕەوە
ئەرێ قاسپەی کەو لە کوێستان دێ حەیات
لە ئاسمان و عەرزەوە
چیرۆکی گۆرانیی تەیرۆکێ
بە گوتەی 'خدر حەسەن'ی ١٠٠ ساڵەی خەڵکی دارەلەک، خڕناڵ خەڵکی گوندی 'گاپیس'ی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بووە. لە وتووێژێکدا کە ١٦ی ١٠ی ١٣٦٥ی هەتاوی لەگەڵم کردووە، ئەو داستانەی گێڕاوە: "خڕناڵ و هەڵکەتی [دوو بەیتبێژی ناوچەی موکریان] جارێکی دەچنە ئاوایی 'گردک سپییان' بۆ داوەتێ. لەوێ هەڵکەتی ئاشقی بێوەژنێکی دەبێ، سێ برای دەبن؛ نایدەنێ. لەوێوە دەچنە خزمەت میری ڕەواندزێ. میر خۆشخوانێکی دەبێ. لێیان دەپرسێ چ کارەن و لە کوێ ڕا هاتوون؟ دەڵێن لە کوێستانێ ڕا هاتووین و کوتنێ دەڵێین. میر دەڵێ ئەوەش خۆشخوانی منە. ئەگەر چاکترتان زانی ئەوە ڕاتان دەگرم. دەودەمیدا دەستەیەک تەیر لە گەرمێنێ ڕا بەرەو کوێستان دەگەڕێنەوە. هەڵکەتی بە خڕناڵ دەڵێ ئەمن لە گەرمێنێڕا بە پێهەڵکوتن دەیهێنمە ئێرە و ئەتۆش لێرەڕا بیبە بەحرێ [گۆلی ورمێ]. 'تەیرۆکێ' ئەودەمی ئەوان دایانناوە. میر خۆشخوانی خۆی بۆ ئەوان ڕووت دەکاتەوە. نامەیەکیش دەنووسی ئەو ژنەی بدەنێ. هەتا دێنەوە ژنە مێرد بە یەکی دیکە دەکا.
سەرچاوە: گەنجی سەر بە مۆر - ئەحمەدی بەحری