لە دەستم دێ
کاتژمێری کامەرانیت بوەستێنم
لە دەستم دێ
ئەڵقەی پەنجەت پێ فڕێ دەم
نامەی بەختت بسووتێنم
لە دەستم دێ
هەموو شتێک ئاشکرا کەم
کام شەوت گەش و ڕووناکە
ئەو شەوی فوو لە چرا کەم
لە دەستم دێ، بە دوو وشە
دڵی زاوای ویستووت ڕەش کەم
لە خۆشاوی شەوی پەردەتان بێبەش کەم
نامەکانت یەک یەک ماون
دیارییە سادەکانت ماون
چاویان شۆڕە
دەست لەسەر سنگ بۆم وەستاون
لە تاوی ئەو کارەساتەم
ئارەقەی شەرم دەتکێنن
مۆری حەزێکی ئاگرین
بە ناو چاوتەوە دەلکێنن
گەواهی دەدەن لەسەرت
دارتێلەکانی سەر شەقام
گەواهی دەدەن ئەوانەی
نامەی تۆیان بۆ دەهێنام
بەڵێ گیانە
گەر بمەوێ کاتژمێری کامەرانیت بوەستێنم
گەر بمەوێ ئاڵقەی پەنجەت پێ فڕێ دەم
نامەی بەختت بسووتێنم
بەڵگەم پێیە
هەزار بەڵگەی ئاشکرا و ڕوون
بەڵگەی چوار ساڵ پێکەوە بوون
تاڵێکی زولفت نەماوە تێر تێر بۆنم نەکردبێ
جێ دەرزییەک لە سنگی برسیت نەماوە
پەنجەم پەی پێ نەبردبێ
بەڵام چبکەم
خۆشەویستیت، نەهەنگێکە
خوێنی هەڵچووم دەخواتەوە
خۆشەویستیت ڕووبارێکە
قینی ڕەشم دەشواتەوە