
هەموو شەوێ پەنجەرەکەم لەسەر پشتە
ئەڵێم بەڵکوو چرپەیەکی تۆی لێوە بێ
شەماڵێ خۆی کا بە ژوورا
بۆنی عەتری تۆی پێوە بێ
گوێم هۆگری دەنگت بووە
لەو ڕۆژەوە کە دەنگی تۆم نەبیستووە
هەستی بیستنم کز بووە
گوێم لە ئاستی هەموو ئاوازێکی ترا داخستووە
بەڵێ گیانە هۆگرت بووم
خۆشەویستیت هەر زوو دیاری دا لەسەر ڕووم
تا وام لێ هات هەموو خەڵکی لە چاوانما تۆیان ئەدی
هەتا بوویتە کانگای عەشقێکی ئەبەدی
بەڵێ گیانە هەر دوای ئەوە
هەر دوای لەیەک دابڕان و جیابوونەوە
لە دوای ئەوەی لە دوورییا
بەشی زۆری تەمەن ڕۆیی
بەبێ بەزمی حزووری تۆ
حەرامم کردووە بادە
نەوەک بشکێ بە نەشئەی مەی
خوماری دەردی بێ تۆیی
ڕۆژێ ئەمرم
بەرگەی دووری تۆ ناگرم
ڕۆژێ ئەمرم
هەورێ داناکاتە باران
درەختێ ناداتە گریان
چونکە من ڕۆژێ لە ڕۆژان
تۆی ئازیزم لە خۆم تۆران