جەماڵ سەڵەواتی

گوڵەباخ

بە دەنگی: جەماڵ سەڵەواتی
شێوەزار: سۆرانی
101
گوڵەباخ گوڵەباخ گوڵی باغی
بێ کەیف و بۆچ بێ دەماغی؟
چی بووە تۆرای هەمیسان؟
گولیلکە سوورەی نیسان
دە پێم بڵێ لەسەر چی
مات و مەلوولی بۆچی؟
کێ وای لێ کردووی کێ؟
پێم بڵێ دڵت دا بە کێ؟
گوڵەباخ گوڵەباخ گوڵی باغی

نەخۆش و هێز لێ بڕاوم
لە دووریت ئەی هەر دوو چاوم
من بە تیری تۆ پێکاوم
دامنا لەسەر تۆ دوو چاوم
پێم ئەڵێی بڕۆ لێت تۆراوم!
جارێکی تر نەبەی ناوم!
بۆچی چیم کردووە گوڵم؟
ئەجنی سی و جەرگ و دڵم
گوڵەباخ گوڵەباخ گوڵی باغی

نەکەی چیی تر ناوم بێنی
بێی و بپرسی بڵێی چۆنی
هان ئەدەم لێت دەن بە دار
ژینت لێ بکەن بە ژار
پێمخۆشە بمدەن لە دار
خواردنم بێ ژاری مار
غوڵامێکم بێ پەروا
لە قیمەشم دەن بەخوا
گوڵەباخ گوڵەباخ گوڵی باغی

گوڵەندام ئەی تەنافی گەردنم زوڵفی پەرێشانت
عیلاجێ! چارەیێ! ڕوحمێ! ئەمان دەستم بە دامانت
غەریبی تۆم، نەخۆشی تۆم، بە گۆشەی چاوی بیمارت
ئەسیری تۆم، شەهیدی تۆم، بە نووکی تیری موژگانت
ئەگەر دڵ بوو ئەگەر دین دام بە سورمەی چاوەکانی تۆ*
بەسم سەودازەدە و ڕیسوا کە، تۆ بی و دین و ئیمانت

گوڵەباخ گوڵەباخ گوڵی باغی
بێ کەیف و بۆچ بێ دەماغی؟
چی بووە تۆرای هەمیسان؟
گولیلکە سوورەی نیسان
دە پێم بڵێ لەسەر چی
مات و مەلوولی بۆچی؟
کێ وای لێ کردووی کێ؟
پێم بڵێ دڵت دا بە کێ؟
گوڵەباخ گوڵەباخ گوڵی باغی
هۆنراوەی مەقام: وەفایی
*= لە هۆنراوەی شاعیردا "چاوەکان ئیدی" هاتووە.