زاهیر جەلال

زمانی چاو

بە دەنگی: زاهیر جەلال
شێوەزار: سۆرانی
226
ئەی ئەو شۆخەی بۆ جارێکیش ناتەوێ لێو ببزوێنی
کەچی تەنیا بە سەرنجێک هەموو شتێک ئەدرکێنی
خونچەی لێوت نەکرایەوە و وشەیەکم لێ نەبیستی
بە ئاشکراش لە چاوانتا شەپۆل ئەدا خۆشەویستی

بێدەنگی تۆ ئاگریش بێ من لە ناویا دەمێنمەوە
گەرچی لەوەش بێدەنگتر بی من چاوانت دەخوێنمەوە
پڕ لە واتان چاوانی تۆ، دوو نێرگزی خاکەلێوەن
بۆ بەهاری دنیای عەشقم دوو مژدانەن وا بەڕێوەن

چاوت جۆرێک باسی هەست و ڕازی دڵتی بۆم کردووە
هەتا ئێستاش هیچ زمانێک پەی بەو ڕازە نەبردووە
لێوەکانت چەند بێدەنگ بن نەیانەوێت هیچ دەرببڕن
نیگاکانت زمانێکن زۆر لە لێوت ڕاستگۆترن

ئەی ئەو شۆخەی بۆ جارێکیش ناتەوێ لێو ببزوێنی
کەچی تەنیا بە سەرنجێک هەموو شتێک ئەدرکێنی
خونچەی لێوت نەکرایەوە و وشەیەکم لێ نەبیستی
بە ئاشکراش لە چاوانتا شەپۆل ئەدا خۆشەویستی
هۆنراوە: ساڵح بێچار