
لە بیرت دێ ئەو ساتانەی لە باوەشی هۆنراوەما ئەملاواندی
وەکوو ساوا لە جۆلانەی ئەم دڵەما ئەمخەواندی
لە بیرت دێ ئەو دەمانەی کە سێبەری ژیانت بووم
قەڵای ڕەوشتی ڕۆژانە و مەرهەمی ژانەکانت بووم
ئەی لە بیرتە ئەو ڕۆژانەی لە نیگای یەکدا ون ئەبووین
لە ناو دەریای ڕازمانا بۆ قووڵایی ئەوین ئەچووین
ئەی لە بیرتە چاوی خۆر و خۆری چاوم لە پێشوازیتدا هەڵاک کرد
وەکوو چرا بۆم ئەسووتان هەموو کووچە و شەقامی عەشقم تەی ئەکرد
من لە بیرمە ئەو کاتانەی دوو عاشقی بێ هاوتا بووین
لە بەهەشتی ژوانمانا وەکوو دوو فریشتە وا بووین
پەپوولەی هەست بەسەر گوڵی لێوەکانمان هەڵئەفڕین
ئەی ئەمێستا بۆ لە ناکاو وا لە یەکتری جودا بووین
بۆچی ئێستا وەک نەناسێ ناپرسی لە حاڵی زارم
بۆچی نایەی بۆ تیماری دەروونی پڕ لە ئازارم
ئەی نازانی من بەبێ تۆ تاڵی و تەنهاییە ژینم
ئەی نازانی من بەبێ تۆ تاڵی و تەنیاییە ژینم
وەکوو بولبولی شەیدا وام
لە دووریتا لەسەر چلی ماتەمینم
هەمیشە خەریکی شینم