بەهار بوو فەسڵی زستانم ئەگەر یارم لەگەڵ بایە
درۆیە گەر گوتوویانە بە خونچێکی بەهار نایە
لە بارانێ مەترسە تا هەور نەگرێ بەری ڕۆژێ
دەبێ بگریم هەتا ڕووی تۆ لە ژێر چارشێوی ڕەشدایە
هەناسەم لادەدا چارشێو و ڕووبەندی ڕەشت ئاخر
هەور هەرچەندە پڕ بێ کوا حەریفی قودرەتی بایە
لە ژێر سایەی برۆکەتدا حوکمڕانی دەکا چاوت
لە سایەی دووخی شمشێرە کە حاکم حوکمی ئیجرایە
لەسەر بەفرێ بەکار نایە وەکوو بیستوومە داوی ڕەش
لەسەر کوڵمەت ئەدی بۆ دڵگرە ئەو بسکە تاتایە
بزەت نایەتە سەر لێو و بەزەییت نایە بە حاڵمدا
ئەگەرچی زۆر لە مێژساڵە لە دووت دەخشێم وەکوو سایە
دەزانی بۆچی من هێندە پەرێشان و خەفەتبارم
لە بازاڕی ژیان غەیری هونەر نیمە چ سەرمایە